ناوهڕۆك
قوتابخانەی سنوورەکی بۆ بەهای دراو چییە؟
بۆ ئەوەی بەهای یەکەی دراو بەپێی قوتابخانەی سنوورەکی بەرجەستە بێت، ئەوا ئەم قوتابخانەیە بۆ دیاریکردنی بەهای شمەک و خزمەتگوزارییەکان پشت دەبەستێ بە سوودەکەی، واتە توانای چەندە لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ. هەروەها ئەم بنەمایە دراویش دەگرێتەوە، بەڵام نابێ ڕەگەزەکانی تریش لەبیر بکەین کە بڕیار لەسەر پەیوەست بە سوودی بەرهەم (قەبارەی بەرهەمهێنان) دەدەن یان پێی دەوترێت پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان.
قوتابخانەی سنوورەکی بڕوای وایە کە بەهای یەکەی دراویش بە هەمان شێوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری مەزەندەی کەسایەتییەوە لەبارەی ئەو سوودەی لەوانەیە لە یەکەی دراو بێتە دەست.
ڕۆبەرتسۆن یەکێکە لە بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە و دەڵێت: ئێمە مەبەستمان لە بەهای دراو بەهای هەر شتێکی تەواو هاوشێوەی دراوەکەیە، بۆ نموونە (نان و پۆشاک)، بەڵام ئەوەی لێرەدا جیاوازە ئەوەیە ئێمە دەتوانین لە بەهای شمەکەکان بە دراو دیاری بکەین. بەڵام ناتوانین نرخی یەک دراو وەک خودی دراو دیاری بکەین. بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم حاڵەتە بکەین قوتابخانەی سنوورەکی ڕوویکردە بیرۆکەی سوودی پێکهاتووی دراو.
واتا بەهای دراو بە ڕادەی توانا و دەسەڵاتەکەی بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی ناڕآستەوخۆ پێوانە دەکرێت. لەمەدا قوتابخانەی سنوورەکی وا دادەنێن کە دراو چەشنی ئۆتۆمبێلێک یان هۆکارێکی گواستنەوە بەشداری لە ئاڵوگۆڕکردن دەکات لە نێوان شمەک و خزمەتگوزارییەکان، بەڵام بنەمای پێوانەیی بۆ بەهاکان ئەو سوودەی کە لە یەکە دراوەکە بەدەست هاتووە دیاری دەکرێت.
شیکردنەوەی قوتابخانەی سنوورەکی هەوڵ دەدات چالاکییە ڕآستەقینەکان و چالاکییە دراوییەکان بکەونە ژێڕ ڕکێفی هەمان یاسا سنووردارییەکان. کەچی زەحمەتە یاساکانی بەهای تایبەت بە شمەک و خزمەتگوزارییە ئابوورییەکان لەسەر بەهای دراو جێبەجێ بکرێن، چونکە لەوانەیە نەتوانرێ دراو (شمەکێک) بێت هەروەکو شمەکە ئابورییەکانی تر. بە واتایەکی وردتر دراو ناتوانرێ بەهای بەکارهێنراوی هەبێ هەروەک لە شمەک و خزمەتگوزارییە ئابوورییەکاندا (بەرهەم هێنراو) هەیە، هەرچەندە تا ڕادەیەک بەهایەکی ئاڵوگۆڕکردنی گەورە هەیە، بۆیە دەکرێ بەهای ئاڵوگۆڕکردنی دراو بە بەهای بەکارهێنانی دیاری بکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە نابێت.